پاراستن و زانیاری

ئاژانسی پاراستن و زانیاری له‌ ساڵی 2011 دوای په‌سندكردنی یاسای ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان( یاسای 5) دامه‌زرا بۆ یه‌كگرتنی ئاژانسه‌ هه‌واڵگرییه‌كان. كاری سه‌ره‌كی پاراستن و زانیاری كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و هه‌واڵگرییه‌. له‌م ئاژانسه‌دا كۆمه‌ڵێك ئافره‌ت و پیاوی لێهاتوو كارده‌كه‌ن بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان له‌ تیرۆر، سیخوڕی و تاوانی رێكخراو.

پاراستن ساڵی 1968 له‌لایه‌ن به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا. هه‌روه‌ها ده‌زگای زانیاری، كه‌ بنكه‌كه‌ی له‌ سلێمانی بوو به‌م دواییه‌ دامه‌زراوه‌. به‌هۆی سرووشتی نهێنی كاره‌كه‌یه‌وه‌ پاراستن و زانیاری له‌نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاسایشی گشتی و دژه‌ تیرۆر كار ده‌كات بۆ شیكردنه‌وه‌ و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی دژ به‌هه‌رێمی كوردستان. جگه‌ له‌وه‌ش له‌میانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی نهێنی و چاودێریكردنه‌وه‌ شه‌ڕی  گه‌نده‌ڵی ده‌كات.

هه‌روه‌ها ئاژانسی پاراستن و زانیاری له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌ترسیيه‌ هاوبه‌شه‌كاندا له‌سه‌رانسه‌ری جیهان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوبه‌ش و خزمه‌تگوزار كار ده‌كات. تا ئێستا چه‌ندین په‌لاماری تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تی په‌چه‌ڵكردۆته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك گه‌وره‌ تاوانبارو تیرۆریستی ده‌ستگیركردووه‌. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پاراستن و زانیاری له‌ دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی پاراستن و زانیاری پێكهاتووه‌، هه‌ر یه‌كیان به‌ڕێوه‌به‌رێكی هه‌یه‌، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانن‌.