مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ نێرده‌ی وڵاتی هۆڵه‌ندا بۆ كاروباری سوریا ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ نێرده‌ی وڵاتی هۆڵه‌ندا بۆ كاروباری سوریا ده‌كات

ئه‌مڕۆ 18/1/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ (خێرارد ستیگز) نێرده‌ی وڵاتی هۆڵه‌ندا بۆ كاروباری سوریا و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كانی پێشووی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی رۆژئاوا و یه‌كریزی نێوانیان گه‌ره‌نتی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورده‌ له‌ ئاینده‌ی سوریادا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی (جانێت ئه‌لبێردا) كونسوڵی گشتی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێوه‌چوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنی سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی سوریا و كۆبوونه‌وه‌‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئاستانای پایته‌ختی كازاخستان و ئاینده‌ی گه‌لی كورد له‌و وڵاته‌ تاوتوكرا و به‌شداریكردنی نوێنه‌رانی گه‌لی كورد له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاستانا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش به‌ گرنگ دانرا.

مه‌سرور بارزانی، په‌یوه‌ست به‌ چۆنیه‌تی ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد له‌ رۆژئاوا، رۆشنایی خسته‌ سه‌ر بایه‌خی پابه‌ندبوون به‌ رێككه‌وتنه‌كانی پێشووی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، كه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆك واژووكراون و رایگه‌یاند،یه‌كێتی ریزه‌كانی كورد داهاتوویان له‌ سوریا دابین ده‌كات، قۆرخكاری و تاكڕه‌وی مه‌ترسیی بۆ سه‌ر داهاتووی كورد له‌ سوریا دروستكردووه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا نوێنه‌ری وڵاتی هۆڵه‌ندا بۆ كاروباری سوریا، وێڕای ده‌ربڕینی پێزانینی خۆی بۆ هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیشی له‌ پێویستی هێزێكی مۆدێرن كرده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی رۆڵی خۆی له‌ ئاینده‌ی سوریادا بگێڕێت و رایگه‌یاند، ئێوه‌ له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی نێوده‌وڵه‌تی دان، بۆیه‌ له‌ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كاندا بۆچوونه‌كانتان به‌لامانه‌وه‌ گرنگ و به‌سوودن. هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كونسوڵی گشتی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌ولێر رۆڵی هه‌رێمی كوردستانی له‌ په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌كاندا به‌رزنرخاند و رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان هاوبه‌شێكی گرنگه و ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هۆڵه‌ندا هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌رزده‌نرخێنین. ‌

Back