تۆمەتبارە سەرەکییەکانی ئەنجامدەری تەقینەوەکانی هەولێر و کەرکوک دەستگیر کران

راگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

بە هاولاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستانی رادەگەیەنین کە، دوای دەستکەوتنی چەند سەرەداوێک و بەدواداچوونی ورد، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر بە هاوکاری ئاسایشی کەرکوک توانیان لە چەند چالاکییەکی تایبەتدا، چەند تیرۆریستێکی سەر بە بەناو دەولەتی ئیسلامی(داعش)، لە پارێزگای کەرکوک دەستگیر بکەن. ئەم کەسانە تۆمەتباری سەرەکیی تەقینەوەی رێکەوتی ١٩/١١/٢٠١٤ ی بەردەم پارێزگای هەولێرن، هەروەها لە لێکولینەوە سەرەتاییەکاندا بەڵگەی دیکە دەست کەوتن کە هەمان ئەم گروپە دەستیان لە تەقینەوەی رۆژی ٢٣/٨/٢٠١٤ی هەولێر و تەقینەوەی ٤/١٢/٢٠١٤ی کەرکوکدا هەبووە.

تیرۆریستانی ئاماژە پێکراو لە لێکۆلینەوە سەرەتاییەکاندا بە هەبوونی بەڵگەی بەهێزەوە دانیان بە تاوانەکانیان ناوە. لە چوارچێوەی رێکارە یاساییەکاندا لێکۆلینەوە لەم تۆمەتبارانە بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا هاولاتییانی ئازیزمان لە ئەنجامەکان ئاگادار دەکەینەوە.

 

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

٦/١٢/٢٠١٤

 

Back