راگه‌یه‌ندراوێك له‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان – هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ 28 گوندی رزگاركرد

لە کاتژمێر 16:00ی رۆژی 30ی ئۆکتۆبەر، هێزەکانی پێشمەرگە چوار گوندیان لە باکوورو رۆژهەڵاتی موسڵ کۆنترۆڵ کرد، بەناوەکانی: فازڵییە، کێڤرۆک، خراب بێتو کانی شیرین، خازر و قەبر ئیسحاق، وێرای دێری مار ئۆراها لە نزیک شارۆچکەی بەتنایا.
لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە هێزەکانی پێشمەرگە لە باکوورو رۆژهەڵاتی موسڵ رووبەری زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان کۆنترۆڵ کردۆتەوە، کە خۆی لە 28 گوند دەبینێتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لەو ئۆپەراسیۆنەی بۆ لەناوبردنی چەکدارانی تیرۆریستی “داعش” لە پارێزگای نەینەوا لەئارادایە.
وێرای ئەمە، هێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە بەشیکی زۆری هێڵی پەیوەندیکردنی تیرۆریستانی “داعش” بۆ نێو موسڵ کۆنترۆڵ بکەن، کە خۆی لە رێگا سەرەکییەکان لە باشیک و بەتنایا و فلێفل و ناوەران دەبینێتەوە، بەمەبەستی گەمارۆدانی دوایین مۆڵگەی گەورەی “داعش” و، کەمکردنەوەی جووڵە و ناردنی پاڵپشتی سەربازی بۆ هێزەکانیان.
لە دوو هەفتەی رابردوودا هێزەکانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی فرۆکەکانی هاوپەیمانان گورزێکی جەرگبڕیان لە تیرۆریستانی “داعش” داوە، توانیویانە دەیان تیرۆریست بکوژن و بە لایەنی کەم 50 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو تێکبشکێنن. بۆ یارمەتیدانی هێزە رزگارکەرەکان، فرۆکەکانی هاوپەیمانان تا ئێستا نزیکەی 550 هێرشی ئاسمانییان ئەنجام داوە.
تا ئەمڕۆ بە لایەنی کەم 800 بۆمبی چێنراوی داعش لە میحوەرەکانی شەڕو رێگا سەرەکییەکان پووچەڵ کراونەتەوە، تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی مین بەردەوامن لە پاککردنەوەی ناوچە بەمینچێنراوەکان. لە رووی مرۆییشەوە، لەوەتەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەستی پێکردووە، نزیکەی 7000 کەسی سڤیل بەرەو هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون.
لە هەر گۆڕانکاری و پێشهاتێکی نوێ، زانیاری نوێتر بڵاو دەکرێتەوە. وێنەکان لە ئەکاونتی تویتەر بەم ناونیشانە (@GCPFKurdistan) دەست دەکەون، بە بەکارهێنانی هاشتاکی #FreeMosul
بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بەم ئیمەیلە بکەن: gcpf@presidency.krd
Back