شاندێكی باڵای كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئاینده‌ی كوردستان سه‌ردانی واشنتۆن ده‌كات

شاندێكی باڵای كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئاینده‌ی كوردستان سه‌ردانی واشنتۆن ده‌كات

سه‌ره‌تای مانگی دێسه‌مبه‌ری 2016 وه‌فدێكی باڵای كوردستان بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و زانینی دید و بۆچوونی بەرپرسانی باڵای ئێستا و داهاتووی ئیدارەی ئەمریکا و تیمی دۆناڵد ترەمپى سه‌رۆكى نوێى ئه‌مريكا سەردانی واشنتۆنی کرد.

له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ واشنتۆن مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و د. فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌نتۆنی بلینكن جێگری یاریده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ كۆبۆوه‌، له‌ دیدارێكدا، كه‌ به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان ئاماده‌ی بوو دووپات له‌ پته‌وكردن و درێژه‌دان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرده‌وه‌ و تاوتوێی بارودۆخی سیاسی و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌كانی قۆناغی دوای داعش له‌ عێراق كرد. له‌ دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی سوپاسی حكوومه‌تی ئه‌مریكای كرد بۆ یارمه‌تیدانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕی دژ به‌ داعش و رایگه‌یاند، كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ هاوبه‌شی سه‌ره‌كی ئه‌مریكا ده‌مێنینه‌وه‌. هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ شاندی باڵای كوردستان له‌گه‌ڵ ستیوارت جۆنز، یاریده‌ری وه‌زیر و جۆزێف پینینگتۆن جێگری یاریده‌ری وه‌زیر بۆ كاروباری عێراق وجۆناثان كۆهین جێگری یاریده‌ری وه‌زیر بۆ كاروباری ئه‌وڕووپا و ئۆراسیا كۆبۆوه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری له‌گه‌ڵ ئلیسا سلۆتكن جێگری یاریده‌ری وه‌زیری به‌رگری بۆ كاروباری ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كۆبۆوه‌ و گفتوگۆ له‌باره‌ی زیاتركردنی یارمه‌تییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ كرا. هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و سه‌ردانه‌ی شاندی باڵای كوردستان بۆ واشنتۆن، مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان لە ناوەندی گەشەپێدانی ئەمریکا بە ئامانجی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە ناوچەکەدا، له‌ناوه‌نده‌كه‌دا بیروبۆچوونەکانی لەگەڵ بەرپرسان و ژماره‌یه‌ك پسپۆر و شاره‌زا و ئه‌كادمی تاووتوێکرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆنگرێس لیز چینی و مایك گه‌لاگیر كۆبووه‌.

Back