مه‌سرور بارزانى پێشوازی له‌ بالیۆزی كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق ده‌كات

مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ برونۆ ساكۆمانی بالیۆزی كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌سه‌ر ره‌وشی مه‌یدانی به‌ره‌كانی شه‌ڕ و پێشڕه‌وییه‌كان و پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرا، له‌وباره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ دا ، كه‌‌ تاكه‌ هێزه‌ له‌سه‌ر زه‌وی له‌ دژی داعش له‌ پێشڕه‌وی دایه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی دابینكردنی چه‌كی قوڕس و ئامێری پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه.‌

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ باس له‌وه‌ كرا، كه‌ ئه‌مه‌ شه‌ڕێكی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك رۆڵی خۆیان تێیدا بگێڕن، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان گوتی:  به‌بێ چه‌كی قوڕس و پێشكه‌وتوو ناتوانرێ دوژمن تێكبشكێندرێ، چونكه‌ داعش هێشتا له‌ سوریا و عێراق توانای هێرش بردنی ماوه‌ و ئه‌مه‌ شه‌ڕێكی به‌رده‌وامه‌.

پاشان بالیۆزی كه‌نه‌دا له‌ ئوردن و عێراق، وێرای  سوپاسكردنی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ره‌خساندنی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌، دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌چواچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پابه‌نده‌ به‌ هاوكاری هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و ئاماژه‌ی‌ به‌و یاداشتنامه‌ لێكتێگه‌یشتنه‌ دا، كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مۆركراوه و روونیكرده‌وه‌، كه‌ وه‌ك حكوومه‌تی كه‌نه‌دا به‌شدارییه‌كی به‌هێزمان ده‌بێت و له‌ ماوه‌ی رابردووشدا په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا بڕیاری دا به‌ هێزی ئاسمانی به‌شداری له‌ناوبردنی داعش بكات.

دابینكردنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان له‌ لایه‌ن كه‌نه‌داوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back