مه‌سرور بارزانی: ئێستا ده‌رفه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ ئێمه‌ له‌ئارادایه‌

ئه‌مڕۆ 29/8/2016 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ (نه‌دیم زه‌هاوی) په‌رله‌مانتاری به‌ریتانی تیشكی خسته‌ سه‌ر  پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفرادۆم و رایگه‌یاند، ئێستا ده‌رفه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ ئێمه‌ له‌ئارادایه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵیه‌كان و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازی و سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌غدا گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا و جه‌خت له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و ئه‌و ناوچانه‌ش كرا، كه‌ تا ئێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی تیرۆریستانی داعش دان. په‌یوه‌ست به‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ‌، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نی عێراقی و هاوپه‌یمانی جیهانی به‌ سه‌ركردایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دا و جه‌ختی له‌ گرنگی رێككه‌وتنی سیاسی ‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه‌ له‌دوای داعش كرده‌وه‌.‌

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌ و جیاوازییه‌ سیاسیه‌كان و پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی  كوردستان كرا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كاته‌كه‌ی به‌ گونجاو دانا و رایگه‌یاند، ئێستا ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ ئارادایه‌.

 

.

Back