مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ بالیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 24/ 6/ 2015 بەڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە ستیوارت جۆنز بالیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك بەرپرسی باڵای سەربازیی سوپای ئەمەریكا پێكهاتبوون.

لە دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی جۆزێف پێنینگتۆن كۆنسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر به‌ڕێوه‌چوو دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی‌ شەڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و پێشڕه‌وییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و كوردستان له‌ ناوچه‌كه‌ تاوتوكرا .

لە بەشێكی دیكەی دیداره‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخ و شكستى تیرۆریستان له‌ سوریا كرا و له‌وباره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، داعش له‌ شكسته‌كانی به‌رده‌وامه‌ و سه‌ركه‌وتنی هێزه‌كانی كورد له‌ سوریا گوشاری دیكه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ دروست ده‌كات.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا بالیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق دووپاتی لە پاڵپشتیكردنی وڵاته‌كه‌ی بۆ هێزه‌كانی پێشمەرگە كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە به‌رده‌وام و فراوانتر دەبێت.

Back