مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ بالیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق ده‌كات

مه‌سرور بارزانی: داواكاری به‌شداریكردنی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراودا  دادپه‌روه‌رانه‌ نییه، ئه‌گه‌ر وه‌ك سوپای عێراق پڕچه‌ك نه‌كرێ

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 19/4/2015 به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ به‌ڕێز مارك بارێتی بالیۆزی فه‌ره‌نسا له‌ عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی كونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، تیشك خرایه‌ سه‌ر دوا پێشڕه‌ویی و هێرشه‌كانی دوێنێی پێشمه‌رگه‌ دژ به‌ تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی داعش له‌ باشووری كه‌ركووك و هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌سه‌ر بابه‌تی ئازادكردنی مووسڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق كرد. له‌وباره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، مووسڵ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بێت‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌ر وه‌ك بنكه‌یه‌كی تیرۆریستان بمێنێته‌وه‌ و گوتی: هاوكات داوای به‌شداریكردنی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ر هێرشێكی چاوه‌ڕوانكراودا، داواكارییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ نییه، ئه‌گه‌ر وه‌ك سوپای عێراق پڕچه‌ك نه‌كرێ.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا رۆڵی فه‌ڕه‌نسا له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و راهێنانی پێشمه‌رگه‌ تاوتوكرا و راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان داوای فره‌وانكردنی به‌شداریی فه‌ڕه‌نسای له‌ قه‌باره‌ و بواره‌كاندا له‌ بالیۆزی فه‌ڕه‌نسا كرد‌ به‌ شێوه‌یه‌ك، كه‌ له‌ئاست پێداویستییه‌كانی ئاسایشی ناوخۆدا بێت‌ و گوتی:شكانی تیرۆریستان له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ وای كردووه‌ په‌نا بۆ كاری ترسنۆكانه‌ به‌رن، وه‌ك ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ی هه‌ینی رابردوو له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامیاندا.

له‌به‌رامبه‌ردا بالیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق سوپاسی قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرد، كه‌ له‌ روانگه‌ و بۆچوونی جیهانییه‌وه‌ داعش له‌ پاشه‌كشه‌ دایه‌ و گوتی: ئێمه‌ باش ده‌زانین داعش به‌ ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌ نییه‌ بۆ سه‌ر كوردستان و عێراق، به‌لكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه‌ و جیهانیش.

Back