مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق ده‌كات

ئه‌مڕۆ 28/1/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ (فرانك بێیكه‌ر)‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، گه‌یشتنی كورد به‌ مافه‌كانی ده‌بێته‌ فاكته‌ری سه‌قامگیری و چه‌سپاندنی زیاتری یه‌كسانی له‌ نێوان خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، كه‌ له‌  نه‌ته‌وه‌ و ‌ئاین و مه‌زهه‌بی جیاواز پێكهاتووه‌.له‌دیدارێكدا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی (جۆن شارپ) هه‌ڵسوڕێنه‌ری كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو،دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی مووسڵ دوای نه‌مانی داعش تاوتوكرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی رۆشنایی خسته‌ سه‌ر گفتوگۆ و هه‌نگاوه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی جیاوازییه‌كانی ناوخۆ و جه‌ختی له‌ پێویستی یه‌كریزی هێزه‌كانی كوردستان كرده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ هێزی زیاتره‌وه‌ روبه‌ڕووی ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان بێته‌وه‌ له‌ پێناو به‌دیهاتنی ویست و به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی كوردستان.هه‌روه‌ها باسی له‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كرده‌وه‌، كه‌ ویستێكی هاوبه‌شی هێزه‌كانه‌ و رایگه‌یاند، ‌ گه‌یشتنی كورد به‌ مافه‌كانی ده‌بێته‌ فاكته‌ری سه‌قامگیری و چه‌سپاندنی یه‌كسانی نێوان گه‌لانی ناوچه‌كه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق باسی له‌ سیاسه‌ت و ستراتیژی وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق كرد و دووپاتی له‌ به‌رده‌وامی یارمه‌تی و هاوكاری وڵاته‌كه‌ی له‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش بۆ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌.

 

Back