مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق ده‌كات

 

ئه‌مڕۆ 24/1/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ (د. مارك باریتی) باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق رایگه‌یاند،  ده‌بێ هه‌رێمی كوردستان به‌شدار بێت له‌ گفتوگۆكانی چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی  ئه‌و ناوچانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ ‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ ئازادكراون.

له‌دیدارێكدا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی (دۆمینیك ماس) كونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له‌هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێوه‌چوو، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ ئه‌منی و سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ له‌ تیرۆریستانی داعش تاوتوكرا و جه‌خت له‌ په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كان و به‌ها هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا كرایه‌وه‌، مه‌سرور بارزانی دووه‌م سه‌ردانی (فڕانسوا هۆڵاند) سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسای بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ هێمایه‌كی گرینگی پشتیوانیكردن له‌گه‌لی كوردستان و به‌هێزی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ وه‌سف كرد و رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ڵوێست و یارمه‌تییه‌كانی رابردووی فه‌ڕه‌نسا به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا رۆشنیایی خرایه‌ سه‌ر رێوشوێنه‌كانی زیادكردنی یارمه‌تییه‌ سه‌ربازی و مرۆییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان، و دووپات له‌ نه‌خشه‌ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێراق وه‌ك مافێكی سرووشتی گه‌لی كوردستان كرایه‌وه و جه‌ختكرایه‌وه‌، كه‌ گه‌یشتنی كورد به‌مافه‌كانی خۆی ده‌بێته‌ فاكته‌ری سه‌قامگیری زیاتر له‌ناوچه‌كه‌دا.

له‌به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌عێراق، دووپاتی له‌ به‌رده‌وام بوون و فره‌وانتركردنی په‌یوه‌ندی درێژخایه‌نی نێوان وڵاته‌كه‌یی و هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و به‌رده‌وامیش یارمه‌تییه‌كانیان به‌ كردار كردووه‌ و پاڵپشتی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ن، كه‌ بوژانه‌وه‌ و كراوه‌یی بۆ گه‌لی كوردستان به‌دی بهێنێت.

 

Back