مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سینا‌تۆر ماركۆ روبیۆ ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سینا‌تۆر ماركۆ روبیۆ ده‌كات

رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش سه‌ره‌كی و كاریگه‌ره‌
ئه‌مڕۆ 4/5/20166 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ سێنا‌تۆر (ماركۆ روبیۆ) ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا و یه‌كێك له‌ كاندیدانی پارتی كۆماری بوو بۆ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2016ی سه‌رۆكایه‌تی رایگه‌یاند، ” ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بوو بۆ هێشتنه‌وه‌ی وڵات به‌ پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شی كردمان، به‌ڵام ئێستا عێراق به‌كرده‌وه‌ دابه‌ش بووه‌.”
له‌و دیداره‌دا، كه‌ (ماتیاس میتمان) كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌یبوو، شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و ئاماده‌كارییه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و رێوشوێنه‌كانی هاوكاری زیاتری نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان تاوتوكرا. سێنا‌تۆر (ماركۆ) دووپاتی له‌ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و تیرۆریزمی جیهانی به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، كه‌ “رۆڵێكی سه‌ره‌كی و كاریگه‌ره‌.”
هه‌ر له‌و دیداره‌دا، هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌باره‌ی بزاوته‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م رێككه‌وتنێكی سیاسی گشتگیر له‌ نێوان پێكهاته‌كانی مووسڵ دوای رزگاركردنی كرد و مه‌سرور بارزانی جارێكی دیكه‌ تیشكی خسته‌ سه‌ر پێویستی دابینكردنی یارمه‌تییه‌ سه‌ربازی و دارییه‌كان بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و رایگه‌یاند، “ئێمه‌ پێمانوایه‌ ده‌بێ بۆ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش وه‌كو سوپای عێراق پڕ چه‌ك بكرێن”
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ ناكۆكییه‌ مێژوویی و تایفییه‌كانی نێوان پێكهاته‌كانی عێراق درا و مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند،” عه‌قڵیه‌تێك له‌ به‌غدا هه‌یه‌، هاوبه‌شی قبوڵ نییه‌، ئێمه‌ ئه‌وه‌ی له‌ تواناماندا بوو بۆ هێشتنه‌وه‌ی وڵات به‌ پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌شی كردمان، به‌ڵام ئێستا عێراق به‌كرده‌وه‌ دابه‌ش بووه‌”
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیشكخرایه‌ سه‌ر دوا هێرشی به‌رفره‌وانی تیرۆریستانی داعش دژ به‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ میحوه‌ری ته‌لسقۆف و گیان له‌ده‌ستدانی سه‌ربازێكی ئه‌مریكا، كه‌ له‌و محوه‌ره‌دا هاوكاری پێشمه‌رگه‌ی ده‌كرد، له‌و باره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ خوێنمان به‌خشی و په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌ردوو وڵات به‌رز ده‌نرخێنین و خوازیاری پته‌وتركردن و به‌رده‌وامی ئه‌م دۆستایه‌تییه‌ن.

Back