مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ده‌كات

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 8/12/2014 به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی لیژنه‌ی به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی دای هاڤارد كرد.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ كونسولی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی بارودۆخی عێراق و سوریا و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستانی داعش  و هه‌ڵسه‌نگاندی سه‌رچاوه‌ سه‌ربازی و داراییه‌كان بۆ له‌ناوبردنی كرا. هه‌روه‌ها دووپات له‌  پابه‌ندی به‌ریتانیا له‌ شه‌ڕی دژی داعش كرایه‌وه‌.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا پێداویستی دابینكردنی چه‌كی قوڕس بۆ هه‌رێمی كوردستان خرایه‌ به‌رباس و مه‌سرور بارزانی گوتی: “ئه‌مه‌ شه‌ڕێكی جیهانییه دژی تیرۆریستان‌، تێكشكاندن و له‌ناوبردنی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ش پێویستی به‌ هه‌وڵ و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش هه‌یه‌.”  هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ ئێمه‌ پێشتریش گوتوومانه‌ و جارێكی دیكه‌ ده‌یڵێینه‌وه‌، داعش نابێت هیچ په‌ناگه‌یه‌كی هه‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ گورزه‌ ئاسمانیه‌كان فره‌وانتر بكرێن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی و هاوكاری به‌ریتانیای بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رزنرخاند و داوای چه‌كی زیاتری كرد بۆ تێكشكاندنی داعش، له‌لای خۆیه‌وه‌ شاندی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا باسیان له‌وه‌ كرد، كه‌ ته‌واوی پێداویستی و داواكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌و راپۆرته‌دا‌ تۆمار ده‌كه‌ن، كه‌ له‌سه‌ر پێداویستیه‌كانی شه‌ڕی دژی داعش به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

Back