مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ نوێنه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری ده‌كات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 18/3/2015 به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ جه‌نه‌ڕاڵ سیمۆن مایه‌ل نوێنه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد، كه‌ له‌ جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت، ئه‌نگۆس مككی كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی سه‌ربازی پێكهاتبوو.

له‌ دیدارێكدا جه‌نه‌ڕال مایه‌ل، كه‌ به‌ بۆنه‌ی كۆتایهاتنی ئه‌ركه‌كه‌ی و ناساندنی شوێنگره‌وه‌كه‌ی‌ (جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت) سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه،‌ سوپاسی خۆی ئاراسته‌ی مه‌سرور بارزانی كرد بۆ  كارئاسانی كردن له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا وه‌ك نوێنه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و شوێنگره‌وه‌كه‌شی ناساند.

پاشان ئاماژه‌ی به‌ قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش دا و  دووپاتی له‌ پشتیوانی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بۆ پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌، كه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌یه‌ ته‌واوی پێداویستییه‌ سه‌ربازییه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی بۆ دابین بكرێ. هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و پشتیوانییه‌ كونسولی گشتی به‌ریتانیا له‌هه‌ولێر رایگه‌یاند، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایشی نیشتمانی به‌ریتانیا دایه‌، ئێمه‌ لێره‌ بین و له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ به‌شداری شه‌ڕی دژی تیرۆر بكه‌ین.

دواتر مه‌سرور بارزانی، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان، رۆڵی جه‌نه‌راڵ سیمۆن مایه‌لی له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا به‌رزنرخاند و هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت خواست و ئاماده‌یی خۆشی بۆ هه‌ر هاوكارییه‌ك نیشاندا.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌ كێشه‌كانی عێراق كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا،‌ ناكرێ هه‌ڵه‌كانی رابردوو دووباره‌ بكرێنه‌وه‌ و گوتی: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان پێویستی به‌ دامه‌زراندنی سیستمێكی نوێ هه‌یه‌، كه‌ یه‌كسانیه‌ك له‌ نێوان هه‌موو پێكهاته جیاوازه‌كان‌ به‌دیبهێنێ.

Back