مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری ده‌كات

ئه‌مڕۆ 9/5/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی پێشوازیكردن له‌ (جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت) نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، جه‌ختی له‌ گرینگی یه‌كخستنه‌وه‌ و پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك هاوتای ستراتیژی ئاسایشی ئیقلیمی و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بێت.

له‌ دیدارێكدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی (فرانك بێكه‌ر) بالیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و (جۆن شارب) هه‌ڵسوڕێنه‌ری كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی به‌رده‌وامی پێشڤه‌چوونه‌ سه‌ربازییه‌كانی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و پشتیوانی درێژخایه‌نی به‌ریتانیا بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی به‌ریتانیای كرد له‌به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامی و درێژه‌دانیان له‌ پشتیوانی و یارمه‌تیدانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستاندا و جه‌ختی له‌ گرینگی یه‌كخستنه‌وه‌ و پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك هاوتای ستراتیژی ئاسایشی ئیقلیمی و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كان بێت.

له‌لای خۆیه‌وه‌ (جه‌نه‌ڕاڵ تۆم بێكت) باسی له‌ گفتوگۆكانی پرۆژه‌ی تیمی به‌ریتانیا، ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان كرد به‌ مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی ئاسایشی كوردستاندا و رایگه‌یاند، له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا پێشمه‌رگه‌ سه‌لماندی، كه‌ براندێكی هێزی نێوده‌وڵه‌تییه‌.

جێی باسه‌ وابڕیاره‌ له‌ دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا پرۆژه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی به‌ریتانیا، ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازی له‌ هه‌یكه‌لی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بخرێته‌ به‌رده‌ست سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان بۆ تاوتوكردن و په‌سندكردنی.

 

Back