مەسرور بارزانی پێشوازیی لە کونسولی گشتیی سودان کرد

ئەمرۆ چوارشه‌ممه‌ 30/9/2015 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەرێز یاسین عێوەز کونسولی گشتیی سودان لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.

لە دانیشتنێکدا کونسولی سودان تیشکی خستە سەر گرینگیی پەیوەندییەکانی هەرێم و وڵاتی سودان و ئاماژەی بەوەدا، کە وڵاتەکەیان وەک فاکتەرێکی گرینگی سەقامگیری دەڕوانێتە هەرێمی کوردستان، بۆیە بەلایانەوە گرینگە پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەل هەرێمی کوردستان بدەن. هەر لەم بوارەدا کۆنسولی سودان ئاماژەی بەوە کرد کە هەرێمی کوردستان بووەتە دورگەیەکی ئارام بۆ پەنابەرانی سوریا و ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق و بەو چەندەش هەرێمی کوردستان سەروەرییەکی مێژوویی تۆمار کردووە. هەروەها بەرێز عەوێز ڕۆڵی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی بە بەرز نرخاند، کە توانیویانە ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەم ناوچە پڕ لە کێشەیە بپارێزن.

راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، کە هەرێمی کوردستان بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەل وڵاتانی کیشوەری ئەفریقییا و لەم نێوەندەشدا چاوەڕوانی ئەوەیان لە گشت وڵاتانی دۆست هەیە، کە لە جەنگی دژ بە داعش یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەن، چونکە داعش مەترسییەکی نێودەوڵەتییە بۆیە دەبێت گشت وڵاتان هاوکار بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە.

لە کۆتاییدا هەردوو لا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە کێشەکانی ناوخۆی عێراق و ناوچەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن. لەم بوارەشدا کۆنسولی گشتی سودان ئاماژەی بە ئەزموونی وڵاتەکەیان لەگەل باشووری سودان کرد و ئاواتی خواست کە لەم دەڤەرەشدا بە لێکتێگەیشن و سینگفراوانییەوە گەلانی ناوچەکە رێز لە ویست و ئیرادەی یەکتر بگرن.

Back