ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوەله‌ باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی حه‌ویجه‌

دوای ئەوەی زانیاریی تەواو هەبوو کە ژمارەیەکی زۆر دیل و گیراو لە زیندانێکی تیرۆریستانی داعشدا لە نزیک حەوێجە گلدراون، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمرۆ بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان، هێزێکی دژە تیرۆری سەربە ئەنجومەنی ئاسایش لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا گەیشتنە ناو قوڵایی سنووری ژێر دەسەڵاتی تیرۆریستان و توانیان دەست بە سەر زیندانی سەرەکیی داعشدا بگرن کە دەکەوێتە حەوت کیلۆمەتریی باکوری حەوێجە.

ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتووانە ئامانجەکەی پێکا و خۆشبەختانە توانرا ٦٩ هاوولاتیی زیندانیکراو ئازاد بکرێن، بەڵام دوای لێکۆڵێنەوەی سەرەتایی دەرکەوت کە هیچ کوردێک لە ناو زیندانیە ئازادکراوەکاندا نیە.

لەم کردەوەدا زیاتر لە ٢٠ چەکداری داعش کوژران و ٦ تیرۆریست بە دیل گیران ، بە داخەوە سەربازێکی هاوپەیمانان کە ئەرکی پاڵپشتیی هێزەکانمانی لە ئەستۆ بوو گیانی لە دەست دا و سێ پیشمەرگەی هێزی دژە تیرۆر زامدار بوون. کاتژمێر ٤ ی بەرەبەیان ئۆپەراسیۆنەکە کۆتایی پێهات و هێزەکانمان گەڕانەوە و هاولاتیە ئازادکراوەکان بۆ پشکنینی پزشکی و رێکاری پێویست ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کران.

بە ناوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە سەرەخۆشی لە حکومەت و گەلی ئەمەریکا و خانەوادەی بەرێزی ئەو سەربازە ئازا ئەمریکییە دەکەین کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا گیانی بەخت کرد لە هەمانکاتدا دەستخۆشانە لە ئازایەتی هێزەکانی دژەتیرۆر دەکەین .

 

Video: https://www.youtube.com/watch?v=Bpe8X65knNg

Back