هەرێمی کوردستان بە یەکڕیزی ئەم دۆخە تێپەڕ دەکات

ئەمرۆ9/11/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە  (تیم ستێیپۆلتن) جێگری باڵیۆزی ئۆستراڵیا لە عێراق کرد.

هەردوولا لە میانەی وتوێژەکانیاندا پەیوەندیی هەرێم و ئۆسترالیا و دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.

لە بارەی گرژیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا شاندی ئۆسترالی پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان هەردوولا دەربڕی و ئاواتیان خواست دەستور بە تێگەیشتن و خوێندنەوەی هاوبەش ببێت بە فاکتەری چارەسەریی کێشەکانی ناوخۆی عێراق.

لە پەیوەندی بەم رەوشەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە، کە حکومەتی هەرێم ئامادەکاریی تەواوی دەربڕیوە بۆ دانوستانی فراوان لە بارەی سەرجەم کێشەکان، بە مەرجێک گشت مافە دەستووریەکانی هەرێم ڕەچاو بکرێن.

هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە، کە هەرێم هەمیشە خوازیاری ئەوە بووە بە رێگەی ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکات و ئەنجامدانی ریفراندۆمیش یەکێ لەو رێکارە دیموکراتیک و ئاشتیانە بووە بۆ رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش جەختی لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان بە تەبایی و یەکڕیزی ئەم دۆخەش تێپەڕ دەکات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ هاونیشتمانیانی دابین دەکات.

Back