مەسرور بارزانی پێشوازیی لە یان کۆبیش کرد

 

ئەمرۆ  4-12-2017مەسرور بارزانی  راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە یان کۆبیش نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

لەم دیدارەدا دوا رەوشی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا. لەم بارەیەوە یان کۆبیش جەختی لە سەر هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە و وتی خوازیارن هەرچی زووتر بە کردەوە دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکات و ئاماژەی بە ئەوەدا کە دەستوور بنەمای چارەسەریی گشت کێشەکانە و نابێت بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ بەکارهێنانی هێز و توندوتیژی ببردرێت. نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان وئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرچی زووتر بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکانی نێوان هەردووولا چارەسەر بکرێن.

لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە ئەوە دا کە لە پێناو دەست پێکردنەوەی دانووستانەکان، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی سەرشانی بەجێ گەیاندووە، بەڵام بەغدا تا ئێستا وەک پێویست هەنگاوی کردەیی نەناوە. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ئەوە دا کە، کەشی هەڵبژاردنەکان و ململانێ سیاسیەکان لە بەغدا کۆسپی سەرەکیی بەردەم پێشڤەچوونەکانە، بەڵام نابێت هاوڵاتیانی کوردستان باجی ئەم دۆخەی بەغدا بدەنەوە و پێویستە هەرچی زووتر دەست پێکردن و بەرێوەچوونی دانووستانەکان بە پێی خشتەیەک و بە دیارکردنی کات رێک بخرێت.

مەسرور بارزانی وتی لە بەغدا زۆر بانگەشە بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەکرێت، هەرێمی کوردستانیش خوازیاری جێبەجێ کردنی دەستورە ، بەڵام کۆی دەستوور نەک تەنیا ئەو ماددانەی کە بەغدا دەستەبژێریان دەکات. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان جەخت لە سەر دەستەبەرکردنی هەموو مافە دەستووریەکانی دەکاتەوە.

Back