مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی نوێی ئوسترالیا له‌ عێراق ده‌كات

ئه‌مڕۆ 22/4/2018 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ خاتوو جوانه‌ لاونس باڵیۆزی نوێی ئوسترالیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌م دیداره‌دا، كه‌ هه‌ڤاڵ ده‌سكۆ نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئوسترالیا ئاماده‌ بوو، بیروڕا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئوسترالیا و پێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق تاوتوكرا.

راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خاتوو جوانه‌ لاونس له‌ پۆسته‌ نوێكه‌یدا خواست و پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ ئه‌و پاڵپشتی و هاوكاریانه‌ی ئوسترالیا له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌داعشدا پێشكه‌شی كردووه‌.

په‌یوه‌ند به‌ ‌ پرۆسه‌ی سیاسی و میكانیزم و ئاسته‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی گشتی له‌ عێراق، مه‌سرور بارزانی جه‌ختی له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق بۆ سه‌ر رێگه‌ی دروست كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویسته‌ رێز له‌ داخوازی و مافی گشت پێكهاته‌كانی عێراق بگیردرێت و دووپاتی له‌ گرینگی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌ بڕیار و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌ كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رنامه و ره‌چاوكردنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئاینده‌ ده‌كات نه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كان.

له‌لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی ئوسترالیا باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ گرینگیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ رۆڵی هه‌رێمی كوردستان و پشتگیری له‌ فره‌وانتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواره‌ جیاجیاكان ده‌كات.

خۆرێكخستنه‌وه‌ و په‌ره‌سه‌ندنی هێرش و په‌لاماره‌كانی پاشماوه‌ی تیرۆریستان له‌ چه‌ند ناوچه‌ و كاریگه‌ریان به‌سه‌ر ره‌وشی ئاسایش و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ رزگاربووه‌كان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back