مەسرور بارزانی پێشوازی لەنەدیم زەهاوی، پەرلەمانتاری بەریتانیا دەكات

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەبەڕێز نەدیم زەهاوی پەرلەمانتاری بەریتانیا كرد.

لەدیدارێكدا بیروڕا لەبارەی دوا پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییە‌كان و ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئالوگۆڕكرا، كە بڕیارە رۆژی دووشەمە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.

مەسرور بارزانی، لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی رایگەیاند، گەلی كوردستان تەنها مافێكی دیموكراسیانەی خۆی پیادە دەكات، كاتەكەش هیچ كاریگەریێكی نەرێنیی بەسەر بارودۆخی ناوچەكە نابێت، بەڵكو دەبێتە فاكتەرێكی سەقامگیری. هەروەها جەختی لەگرنگی و بایەخی گفتوگۆ لە دوای ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا كردەوە بۆ رێككەوتن لەسەر پرسە هاوبەشەكان و دانانی میكانیزمی دوو دراوسێی باشی یەكدی.

نەدیم زەهاوی دووپاتی لە رەوایی داخوازییەكانی گەلی كوردستان كردەوە و رایگەیاند، پەیامی من بۆ هەموو گەلی كورد، ئەوەیە، كەپێویستە یەكگرتوو بن، چونكە تاكەرێگەی سەركەوتنی كوردستان لەیەكگرتوویی دایە.

Back