مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی كه‌نه‌دا ده‌كات

 

ئه‌مڕۆ 12/9/2018 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (جه‌نه‌ڕاڵ پیته‌ر دۆ) فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هێزی ئۆپه‌راسیۆنی تایبه‌تی كه‌نه‌دا و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌م دیداره‌دا وێڕای تاوتوێكردنی دوا پێشهاته‌كان و هاوبه‌شی ئاسایش له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان له‌ هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی سوپاسی حكوومه‌تی كه‌نه‌دای كرد بۆ پاڵپشتی و یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستان له‌شه‌ڕی تیرۆریستانی داعشدا و پێشوازی له‌ سووربوون و دووپاتكردنه‌وه‌ی جه‌نه‌ڕاڵ دۆ كرد، كه‌ رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی وه‌ك هاوبه‌شێكی به‌هێز له‌ شه‌ڕی كۆتایهاتن به‌ تیرۆریستان به‌رده‌وام ده‌بێت.


هه‌ر له‌م دیداره‌دا به‌دورودرێژی باس له‌ هۆكاره‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی جموجۆڵی تیرۆریستان له‌ كه‌ركووك، دیاله‌، مووسڵ و ئه‌نبار كرا، له‌وباره‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، چاره‌سه‌رنه‌كردنی هۆكاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كێشه‌كان‌ له‌ عێراق و ناوچه‌كه،‌ هاوشان له‌گه‌ڵ هۆكاره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كی جددی بۆ سه‌ر ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ دروست ده‌كه‌ن، كه‌ له‌ شه‌ڕی تیرۆریستان به‌ده‌ستهاتووه‌.


گفتوگۆكردن له‌باره‌ی هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌ به‌رده‌وامه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت له‌ به‌غدا، كه‌ ویست و داواكاری پێكهاته‌ سه‌ره‌كیه‌كان و هاووڵاتیان له‌به‌رچاو بگرێت، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back