هێزی هاوپەیمانان جەخت لە سەر راهێنانی فراوانتری هێزی پێشمەرگە دەکەنەوە

ئەمرۆ 4/10/2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەرال رۆبرت وایت فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لە دانیشتنێکدا دوا ڕەوشی سیاسی و سەربازی ناوچەکە و مانۆرە سەربازیەکانی وڵاتانی درواسێ لە سەر سنوورەکانی هەرێم، هەروەها جەنگی دژی تیرۆریستان تاوتوێ کرا و لە لایەن راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمەوە هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان لە بەشداریی کارا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە تیرۆر دووپات کرایەوە.

هەر لەم دانیشتنەدا هەدوولا چۆنیەتی فراوانکردنی هاوکارییە ئەمنی و سەربازیەکانیان تاوتوێ کرد. لە لایەن خۆشیەوە فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان وێڕای بەرز نرخاندنی قارەمانی و قوربانیەکانی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆر، ئامادەیی هێزی هاوپەیمانانی لە فراوانکردنی هاوکاری و هەماهەنگی و هەروەها راهێنانی زیاتر بە هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

Back