‎مەسرور بارزانی و برێت مەکگۆرک کۆبوونەوە

‎ئەمرۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برێت مەکگورک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەنگی دژ بە داعش کرد.

‎لە میانەی دیدارەکەیاندا برێت مەکگورک لە پەیوەندی بە دوا پەرەسەندنە سەربازی و گرژیەکانی نێوان هەولێر وبەغدا ڕایگەیاند کە ئەمەریکا هەرجۆرە پەنا بردنێک بۆ کرداری سەربازی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان ڕەت دەکاتەوە و هەموو هەوڵ و تواناکانیشی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی گرژیەکان بڕەوێنرێنەوە و هەردوو لا دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ئاشتیانە و لە سەر بنەمای دەستور کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

‎برێت مەکگورک هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم وەک کیانێکی دەستوری دووپات کردەوە و وتی خوازیارن هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی وبە هێزەوە لە چوارچێوەی دەستور لە گشت بوارەکاندا لە پێشکەوتن بەردەوام بێت و جەختیشی لە هەماهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی هەرێم و ئەمەریکا کردەوە.

‎لە میانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی وێڕای جەخت کردنی لە بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا کەهەرێمی کوردستان هەمیشە بروای بە رێگەچارەی ئاشتیانە و گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەریی کێشەکان لە ناوچەکەدا و ئێشتاش خوازیارە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچی زووتر بۆ ئاستی ئیداری و سیاسی بگوازرێنەوە. راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم لە ئاماژە بە دوا گرژیە سەربازیەکان وتی جێبەجێ کردنی دەستور بە ئامرازە نادەستوریەکان ناکرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆ و لەیەک گەیشتن دەتوانرێت چارەسەریی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێنەوە.

Back