مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی پێشهاتەکان دەبێتەوە

ئەمرو مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە پایڤی لاینێ باڵیۆزی فنلەندا لە بەغدا کرد.

لەم دیدارەدا دوا پێشهاتەکانی دەڤەرەکە و پێشخستنی پەیوەندییەکانی هەردوولا تاوتوێ کران. لە بارەی رەوشی نێوان هەولێر و بەغداوە باڵیۆزی فنلەندا وتی کە پەیامی ئەوروپا بۆ هەردوولا ئەوەیە کە پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی نەبردرێت و هەرچی زووتر گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێ بکرێت و بە پێێ دەستوور گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن.

لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەی دەست پێکردنی گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆیە تاکو گشت ناکۆکیەکان چارەسەر بکرێن و هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێ کردنی دەستوور دەست پێ بکات.

مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان هەمیشە رێکارە سەربازیەکان و توندوتیژیی رەت کردۆتەوە و پەنای بۆ ئامراز و رێگە دیموکراتیکەکان بردووە کە ریفراندۆمیش یەکێک بووە لەمانە، بەڵام بەداخەوە لەم دەڤەرەدا هێشتا زەمینەی قبوڵ کردنی ئەم ئامرازانە لەبار نیە.

مەسرور بارزانی ئاواتی خواست کە کۆمەلگای نێودەولەتی هاوکار بن بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوچەکە بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی زەمینەی سەرهەڵدانی توندووتیژی لەناو ببردرێت. لەبارەی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی عێراق راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی کە هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی و بە یەکریزی و بە هێزی زیاترەوە ڕووبەڕووی پێشهاتەکان دەبێتەوە و بەرگری لە مافە دەستووریەکانی هاولاتیانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم دەکات.

Back