مەسرور بارزانی: ئاماژە مەیدانیەکان دەرخەری ئەوەن هێشتا بەغدا رێکاری سەربازیی بۆ یەکلا کردنەوەی کێشەکان بەلاوە نەناوە

ئەمرۆ 11-12-2017 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سیریل نۆن باڵیۆزی ئەلمانیا لە عێراق و شاندی یاوەری کرد. لەم دیدارەدا پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و ئەلمانیا و دوا رەوشی دەڤەرەکە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.

لە پەیوەست بە گرژیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باڵیۆزی ئەلمانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پشتگیریی هەرچی زووتر دەست پێکردنی دانووستانەکان لە سەر بنەمای دەستوور دووپات کردەوە و وتی “هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی رەوشەکە لەم چەقبەستووییە دەربچێت و بە کردەوە دانوستانەکان دەست پێ بکات”. باڵیۆزی ئەلمانیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتگیریی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتوو و مافە دەستووریەکانی کوردستان لە عێراقدا دەکاتەوە.

مەسرور بارزانی وێڕای بەرزنرخاندنی رۆلی ئەڵمانیا لە پشتگیری و هاوکاریی هەرێمی کوردستان، جەختی لە سەر کاریگەریی رۆلی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی عێراق کردەوە و وتی “هەرێمی کوردستان خوازیارە هەڵەکانی رابردوو لە عێراقدا دووبارە نەکرێنەوە، چونکە ناسەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و زەمینە بۆ گەشەکردنەوەی تیرۆر دەرەخسێنتەوە، ئەمەش کێشەی زیاتری بۆ ناوچەکە و کۆمەلگای نێودەولەتی لێ دەکەوێتەوە.”

لە بارەی دوا رەوشی نێوان هەولێر و بەغدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی “بەغدا خۆی لە دانوستانەکان دەدزێتەوە و ئاماژە مەیدانیەکانیش لەم رۆژانەدا دەرخەری ئەوەن کە دەسەلاتدارانی بەغدا هێشتا بژاردەی رێکاری سەربازیی بۆ یەکلاکردنی کێشەکان بەلاوە نەناوە،  ئەمانەش ئاماژەی مەترسیدارن و هەرەشە لە سەر سەقامگیریی کۆی ناوچەکە دروست دەکات.” مەسرور بارزانی وتی “هەرێمی کوردستان خوازیارە هەرچی زووتر دانوستانەکانی نێوان هەولێر بەغدا دەست پێ بکاتەوە و گوشار و ئابلوقەکانی سەر هەرێم لابدرێن و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت.”

Back