مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سوریا كۆده‌بێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ 12/9/2018 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (جه‌نه‌ڕاڵ پاتریك رۆبه‌رسۆن) فه‌رمانده‌ی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تیه‌كان له‌ عێراق و سوریا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا په‌ره‌سه‌ندن و پێشهاته‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و قۆناغه‌كانی شه‌ڕی تیرۆریستان تاوتوێكرا. له‌وباره‌وه‌ جه‌نه‌ڕاڵ پاتریك باسی له‌ دوا قۆناغه‌كانی شه‌ڕ له‌ رۆژهه‌ڵاتی سوریا و هه‌وڵه‌كانی ده‌ركردنی تیرۆریستان كرد و هه‌ردوولا دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ دیپلۆماته‌كانی ئه‌مریكایان تایبه‌ت به‌ شه‌ڕی‌ سوریا به‌ گرینگ دانا و بیروڕایان له‌باره‌ی میكانیزمی چۆنیه‌تی یه‌كریزی و به‌هێزكردنی هێزه‌كانی كورد له‌ رۆژئاوا ئالوگۆڕ كرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نیگه‌رانی خۆیان له‌باره‌ی هێرشه‌ مووشه‌كیه‌كانی ئێران له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ بۆ سه‌ر كۆیه‌ ده‌ر‌بڕی، كه‌ خزمه‌ت به‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ ناكات.

 

Back