مەسرور بارزانی: پێویستە هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە بکرێت

ئەمرۆ 19/4/2018 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە جەنەرال وۆلتر پایێت  فەرماندەی گشتیی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا دوا پەرەسەندەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی دوولایەنە لە پێناو رێگری لە سەر هەڵدانەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆیان لەسەر کرا.

مەسرور بارزانی فراوانبوونی چالاکیی تیرۆریستانی لە هەندێ ناوچەی سوریا و عێراق و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە زەنگێکی مەترسی زانی و ئاماژەی بە ئەوە کرد کە پێویستە دۆسیەی ئەمنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە هەماهەنگی گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرێوە بچێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەرچی زووتر کار بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە بکرێت.

هەروەها راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژەی بە پێویستیی پاڵپشتیی و هاوکاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی دەستووری و کارای مەیدانیی ناوچەکە کرد.

لە بەرامبەردا فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان بە کاریگەر پێناسە کرد و دووپاتی کردەوە، کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە هاوکاری و مەشقی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.

Back