‎مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان بژاردەی زۆری ‎لەبەردەمدایە

‎ئەمرۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برادلی ساودن باڵیۆزی نیوزلەندا لە بەغدا کرد.

‎لەم دیدارەدا دوا رەوشی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و بەردەوامیی هەماهەنگیی زیاتر لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتیەکانی دژ بە تیرۆر تاوتوێ کران.

‎باڵیۆزی نیوزلەندی وێرای ستایشی رۆلی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی پەیوەندی دوولایەنەی نێوان هەرێم و نیوزلەندا دەربڕی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر کێشەکانی هەولێر و بەغدا کۆتاییان پێ بهێت تاکو زەمینەی لەبارتر بۆ ئاشتی و سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری برەخسێت.

‎لە بەرامبەردا مەسرور بارزانی جەختی لە سەر بەردەوامیی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژ بە تیرۆریستان لە چوارچیوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردەوە و وتی هەرێمی کوردستان وێڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەکان لە ریزی پێشەوەی بەرەی دژ بە تیرۆریستان دەمێنتەوە.

‎لە بارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم وتی، هەرێمی کوردستان خوازیارە بە پێی دەستوور گشت کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەگەر پێشێلکاریە دەستوریەکان بەردەوام بن ناتوانین بێ دەنگ بین و هەرێمی کوردستان بژاردەی دەستوریی زۆری لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانی بکات.

Back