مه‌سرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی روسیا لە عێراق و شاندی یاوه‌ری ده‌كات

ئەمرۆ  10/4/2018 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مه‌كسیم ماكسیمۆڤ باڵیۆزی روسیا لە عێراق و شاندی یاوه‌ری کرد. لە دیدارێكدا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ڤیكتۆر سیماكۆڤ كونسوڵی گشتی روسیا له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، بیروڕا له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منیه‌كانی ناوچه‌كه‌  ئالۆگۆڕ كرا و هەردوولا جەختیان لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی كوردستان و روسیا له‌ گشت بواره‌كان کردەوە.

لە بارەی هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كان و دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، باڵیۆزی روسیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ پێشکەوتنی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا دەربڕی و ئاواتی خواست هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم بە سەرکەتوویی بەڕێوە بچن و ببن بە دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ چارەسەریی گشت کێشەکان.

پەیوەند بەم بابەتەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌نگاوه‌كانی دواتر كرد، کە وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ڤیتۆیان له‌سه‌ر هیچ لیست و لایه‌نێك نییه‌ و جه‌ختی له‌ گرینگی رێزگرتن و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستوور و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، پێویستە هەوڵ بدرێت دۆخی عێراق بە جۆرێک ئاسایی بکرێتەوە کە گشت پێکهاتەکان هەست بە دڵنیایی بکەن و دووپاتی کردەوە کە خواستی هەرێمی کوردستان پابه‌ندبوون و جێبەجێ کردنی دەستوورە وه‌ك رێگه‌چاره‌ی به‌دیهێنانی سه‌قامگیری.

لە بارەی جەنگی دژەتیرۆرەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ هێشتا هەڕەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا ماوە و به‌م دواییه‌ش چالاكییه‌كانیان له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌.

Back