مه‌سرور بارزانی و باڵیۆزی روسیا له‌ عێراق کۆبوونه‌وه

ئه‌مڕۆ 28/10/2018 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ‌ (ماكسیم ماكسیمۆڤ) باڵیۆزی روسیا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری کۆبووه‌وه‌.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان روسیا و هه‌رێمی كوردستان تاوتوێكرا.

مه‌سرور بارزانی له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق هه‌نگاوێكی باش بوو له‌ به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و ئومێده‌وارین سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ له‌ نزیكترین كاتدا پێكهاته‌ی كابینه‌كه‌ی ته‌واو بكات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌ جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش له‌ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان كرد.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگی و پته‌وكردنی  په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و روسیا كرده‌وه‌، له‌وباره‌وه‌ باڵیۆزی روسیا له‌ عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌دا،‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی روسیا به‌ بایه‌خه‌وه‌‌ ده‌ڕوانێته‌ بارودۆخی كورد و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و ‌رایگه‌یاند: روسیا په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر هه‌یه و كار بۆ په‌ره‌پێدانی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ له‌ گشت بواره‌كان ده‌كات.

Back