مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی سوید له‌ عێراق ده‌كات

ئه‌مڕۆ 19/9/2018 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (پۆنتوس مێلانده‌ر) باڵیۆزی سوید له‌ عێراق كرد.

له‌و دیداره‌دا پێشهات و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقی فیدراڵ و پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان تاوتوێكرا. په‌یوه‌ست به‌ گفتوگاكانی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ له‌ عێراق، مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ سیستمی سیاسی و به‌دگومانی نێوان پێكهاته‌كانی عێراق دا و رایگه‌یاند پێویسته‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسه‌نگی و هاوبه‌شی راسته‌قینه‌وه‌ و سازان له‌ بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا راسته‌ڕێ بكرێت و نابێت هیچ پێكهاته‌یه‌ك فه‌رامۆش بكرێت بۆئه‌وه‌ی هاووڵاتی هه‌ست به‌وه‌ بكات به‌شێكه‌ له‌م وڵاته‌دا.

له‌ دیداره‌كه‌دا باڵیۆزی سوید له‌ عێراق خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان  و پێشكه‌وتنه‌كانی ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌رۆڵی ره‌وه‌ندی كورد له‌ وڵاته‌كه‌ی دا و رایگه‌یاند، ره‌وه‌ندی كورد به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر باش تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵگه‌ی سویدی بووه‌ و له‌ بواره‌ جیاكاندا چالاكن. له‌باره‌ی سیستمی سیاسی له‌ عێراقی فیدراڵ رایگه‌یاند، ئه‌وان پشتگیری له‌ سیستمێكی به‌هێز و هاوسه‌نگ و بنكه‌فره‌وان ده‌كه‌ن، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی عێراق بێت و توانای دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی هه‌بێت.

گفتوگۆكردن له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و سوید له‌ بواره‌ جیاكاندا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back