مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد

هەرێم ئەرکە دەستوریەکانی جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانی بەغدایە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات

ئەمرۆ مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە دۆگلاس سلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا کرد.

لەم دیدارەدا پەیوەندی دوولایەنە و دواپەرەسەندنەکا​نی ناوچەکە و رەوشی دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.

باڵیۆزی ئەمەریکا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستوری دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی دەخوازێت هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی لە گەل بەغدا لە دانوستان بەردەوام بێت و هەرچی زووتر کێشە هەڵپەسێردراوەکا​نی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن.

لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم ڕوونی کردەوە کە هەریمی کوردستان خوازیارە بە پێی دەستور گشت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و تا ئێستاش هەرێم ئەرکە دەستووریەکانی لە پێناو چارەسەری کێشەکان جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانی بەغدایە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام هەست بە جددیەتی بەغدا لە جێبەجێ کردنی کێشەکان ناکرێت و مافە دەستوریەکانی هەرێم ئاوێتەی ململانێکانی ناو کەشی هەڵبژاردن کراوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا جەختی لەسەر بەردەوامیی نێوەندگیریی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و ئاواتی خواست بتوانن هەرچی زووتر بە کردەیی پێشڤەچوون لە دانووستانەکاندا ببینن.

هەروەها باڵیۆزی ئەمەریکی پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەشداری کارای ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق دووپات کردەوە و ئاواتی خواست کە بتوانرێت لە کۆنفراسی کوێت بۆ هاوکاریی عێراق ، زۆرترین هاوکاری دابین بکرێت.

لە بارەی جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش هەردوولا جەختیان لە سەر بەردەوامیی هاوکاریی دوولایەنە کردەوە و لەمبارەیەوە مەسرور بارزانی جەختی لە سەر بەردەوامیی هەماهەنگیی هەرێم لە گەل هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی جەنگی دژ بە داعش کردەوە و ئاماژەی بە ئەوە کرد کە هەرەشەی تیرۆریستان لە ناوچەکەدا ماوە و هێشتا هاوکاری هەموو لایەنەکان پێویستە، بەڵام هەماهەنگی سەربازی و سیاسی و چارەسەری کێشە ریشەییەکانی ناو عێراق هەمووی یەک پاکێجە و دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و رێز لە مافە دەستووریەکانی گشت پێکهاتەکان بگیرێت تا زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی بنبڕبکرێت.
لە میانەی دیدارەکەدا بالیۆزی ئەمەریکی پێزانینی خۆی بۆ رۆلی هێزی پێشمەرگە لە جەنگی دژی تیرۆریستان دووپات کردەوە و رایگەیاند هاوکاریەکانی ئەمەریکا لە بواری دارایی و مەشق و راهێنان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

Back