مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات

ئه‌مڕۆ9/10/2018 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە یان كۆبیچ نوێنەری سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لەم دیدارەدا دوا په‌ره‌سه‌ندن و هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق تاوتوێ كران. له‌وباره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ گرینگی  بنه‌مای هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ دا، كه‌ ئیراده‌ی سیاسی ده‌به‌خشێته‌ هه‌ردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدراڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان.

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلوولی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و نوێنەری سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق هاوڕابوون له‌سه‌ر بایه‌خی لێكۆڵینه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان له‌باره‌ی سكاڵاكان و راگه‌یاندنی  ئەنجامەكانی كۆتایی بە زووترین كات.

لە بەشێكی دیكەی دیداره‌كه‌دا بارودۆخی گشتی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و به‌شداری گشت پێكهاته‌كان و جیبه‌جێكردنی ده‌ستوور گفتوگۆ كرا‌.

Back