مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری ده‌كات

ئه‌مڕۆ 11/6/2018 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له‌ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و كین گرۆس كۆنسوڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ری.

له‌ دیدارێكدا دوا پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسیه‌كانی عێراق و كاردانه‌وه‌ی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن تاوتوێكرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر هه‌وڵه‌كانی دروستكردنی فراكسیۆنێكی گه‌وره‌ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ و یه‌كریزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان.

له‌وباره‌وه‌ مه‌سرور بارزانی، ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان دا و رایگه‌یاند، هه‌وڵی لایه‌نه‌كان  بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانی و رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌كی یه‌كگرتوو به‌رده‌وامه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق به‌ ئاڕاسته‌ی به‌دیهاتن و دابینكردنی خواسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان رۆڵێكی كاراو چالاكی هه‌بێت. هه‌روه‌ها دووپاتی له‌ بایه‌خی پره‌نسیپه‌كانی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ و ته‌وافوق و هاوسه‌نگی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، بۆ ئێمه‌ ئه‌جێندای حكوومه‌تی داهاتوو گرینگه‌ نه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌رده‌گرێت.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ گومانه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن كرا، وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ له‌ میكانیزمی قانوونی ره‌وینه‌وه‌ی ئه‌و گومانانه‌، هاوكات بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ زه‌وتكردنی مافی ده‌نگدان و نادادپه‌روه‌رانه‌‌ وه‌سف كرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق جه‌ختی له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كان كرده‌وه‌ و به‌رده‌وامبوونی گفتوگۆی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ به‌رژه‌وه‌ند زانی.

بارودۆخی گشتی و هه‌وڵه‌كانی به‌دیهاتنی عێراقێكی سه‌قامگیر و بوژاوه‌ لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back