ڕاگەیەندراوێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە

بەداخەوە لەم چەند رۆژانەی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزی لە چەند ناوچەیەکی سنووری سلێمانی و گەرمیان و هەلەبجە ڕووی دا، کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە. خۆپێشاندانی شارستانی و ئاشتیانە مافی هاووڵاتیانە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ دەرچوونە لە چەمکی خۆپێشاندان، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەین رێگە نەدەن داوا ڕەواکانیان ئاوێتەی ئەجندای سیاسیی گوماناوی ناوخۆیی و ناوچەیی ببن.

لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی هەرێم، داوای وریایی و چاوکراوەیی زیاتری هاووڵاتیان دەکەین. پێویستە گەلەکەمان بە یەکهەڵوێستی ئەم قۆناغە ببڕێت. دەبوایە ئەم خۆپێشاندانانەی ئێستا بە ئاراستەی دژایەتی ئەو سیاسەتە ناڕەوایەی دەسەڵاتی بەغدا بێت، کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سیاسەتی ئابلوقەدان و برسی کردنی هاووڵاتیانی هەرێمیان گرتۆتە بەر.

دەسەڵاتدارانی بەغدا خۆیان لە دانووستان لەگەل هەرێم دەدزنەوە و لە هەمانکاتدا ئابلوقەی ئابووری و سیاسی و هەرەشەی سەربازیان لە سەر هەرێم بەردەوامە. ئەوان گرەو لە سەر تێکچوونی رەوشی ناوخۆیی هەرێم دەکەن، بۆیە ئەم رەوشە تەلە و داوێکی مەترسیدارە، کە شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێم دەکاتە ئامانج. داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دەکەین هەستیاریی قۆناغەکە لەبەرچاو بگرن و رێگە نەدەن خەلکانێک لە پەنای داواکانی ئەوان پەلاماری دامودەزگاکان و موڵکی گشتی بدەن.

داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنیەکانی هەرێم دەکەین بە شێوەیەکی بەرپرسانە ڕووبەڕووی هەر کارێکی تێکدەرانە ببنەوە و سەرو ماڵی هاووڵاتیان و موڵکی گشتی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم بپارێزن.

Back