به‌رپرسانی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا كورد به‌ هاوپه‌یمانێكی باوه‌ڕپێكراو وه‌سفده‌كه‌ن

به‌رپرسانی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا كورد به‌ هاوپه‌یمانێكی باوه‌ڕپێكراو وه‌سفده‌كه‌نله‌ درێژه‌ی دیداره‌كانیدا، ئه‌مڕۆ شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کۆبوونەوە، کە تیایدا.
لەوکۆبوونەوەیەدا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی بۆب کۆرکەری سەرۆکی کۆمیتەکە و بێن کاردنی جێگری کۆمیتە و ماڕکۆ رۆبیۆی ئەندامی باڵا لە کۆمیتەکە و کاندیدی پێشووی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا به‌ڕێوه‌چوو، بۆب کۆرکەر کە یەکێکە لە کاندیدانی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە هاوکاریی دارایی کوردستان بکرێت بۆ ئەو مەبەستەش ئەو کۆمیتەیە قسە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا دەکات و گوتیشی گەلی ئەمریکا رێزێکی تایبەتی بۆ قوربانییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
لەبارەی پشتیوانی سیاسی ئەمریکا بۆ کوردستان، بێن کاردین، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، لەنێو کۆنگرێسدا، کورد پشتیوانییەکی زۆری هەیە، ئەمەش بەهۆی لێهاتوویی سەرکردایەتی کورد، بەڵێنی ئه‌وه‌شی دا کە ئەمریکا پابەندی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ کورد ده‌بێت.
لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی گوتی: کوردستان پابەندە بە هاوکاریکردنی ئەمریکا لەشەڕی داعش و ئاشکراشی كرد پێویستە بۆ قۆناخی دوای داعش رێککەوتنێکی سیاسی له‌ موسڵ هەبێت. هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، پێویسته‌ بەدوای دۆزینەوەی هۆکارەکانی دروستبوونی داعشدا بگەڕێین، تاوەکو له‌ ئاینده‌دا گروپی هاوشێوەی داعش سەرهەڵنەدەنەوە.
لەبارەی رۆڵی کورد لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان، مەسرور بارزانی بە بەرپرسانی باڵای کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکای راگەیاند، هەرێمی کوردستان هاوکاریی زۆری ئاوارەکانی کردووە. لەبارەی داهاتووی عێراقیشەوە، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو سنوورانەی ئێستاکە هەن، لەسەر ویستی خەڵکی کوردستان نەبووە و ئاماژەی بەوەشکرد کە زۆر رێگامان لەگەڵ بەغدا تاقیکردەوە، بەڵام هیچیان سەرکەوتوو نەبوون، ئێستاش پێویستە بیر لە ئەڵتەرنەتیڤی دیکە بکەینەوە و دەکرێ لەداهاتوودا وەکو دوو دراوسێ پێکەوەبژین.
لەلایەکی دیکەوە، شاندەکەی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و بە ئەندامێتی فواد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەواشنتن، لەگەڵ نیوت گینگریچ، راوێژکاری دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و یەکێکە لە کاندیدەکانی تڕەمپ بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا گینگریچ بەشاندەکەی کوردستانی راگەیاند، سوپاسی کورد دەکەین کە هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوی ئەمریکا بوون، پێشمەرگەش سەلماندوویەتی کە هێزێکی کاریگەرە لەدژی داعش. هەروەها ئەو سیاسەتمەدارە ئەمریکییە ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ کورد بۆتە هێمای سەقامگیریی لە ناوچەکە. پاشان مەسرور بارزانی ستایشی هاوکارییەکانی ئەمریکای بۆ کوردستان و پێشمەرگە کرد و رایگەیاند، چاوەڕێی هاوکاریی زیاتری سەربازیی ئەمریکا بووین.
پاشان شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ستافی کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبوونەوە. له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، کە به‌ئاماده‌بوونی چەندین لێکۆڵەر، شارەزا و توێژەری سیاسی به‌ڕێوه‌چوو، به‌تێروته‌سه‌لی گفتوگۆ له‌باره‌ی هاوکارییکردنی کورد لەلایەن ئەمریکاوە، ئایندەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و شەڕی داعش و ئۆپەراسیۆنی موسڵ كرا .
دواتر شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێرد پۆڵس هاوسەرۆکی کۆمیتەی دۆستایەتی کورد لە کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبۆوە، لەکۆبوونەوەکەدا ستایشی رۆڵی کورد لە ناوچەکە کرا و ئاشکراشیان کرد پێویستە ئیدارەی نوێی واشنتن هاوکاریی کوردستان بکات. ئەو کۆمیتەیە نزیکەی 50 ئەندامی هەیە.
لە کۆتاییدا، شاندەکەی کوردستان لەگەڵ دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریکی واشنتن پۆست کۆبۆوە و لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش کرا.
جێی باسه‌ کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە بازنەی سیاسەتی ئەمریکادا گرنگییەکی زۆری هەیە بەوەی رێنوێنی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا دەکات و راوێژ دەداتە وەزارەتی دەرەوە.

Back