داعش له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ دژی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه مه‌وادی كیمیاوی‌ به‌كارهێناوه‌.

 

پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 23ی كانوونی دووه‌می رابردوو ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو خۆی به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ته‌قانده‌وه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی شیكردنه‌وه‌ سه‌مپڵی خۆڵ و پاشماوه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی كۆكرده‌وه‌ و ره‌وانه‌ی‌ تاقیگه‌ی ولاتێكی به‌شدار له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كرد. شیكردنه‌وه‌كه‌‌‌، كه‌ له‌ تاقیگه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراوی یه‌كێتی ئه‌وڕووپا ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ریخستووه‌ سه‌مپڵه‌كان رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مادده‌ی كلۆریان تێدایه، كه‌ له‌ دروستكردنی چه‌كی كیمیاوی به‌كاردێت‌. ئه‌مه‌ش‌ یه‌كه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیییه‌، كه‌ ده‌یسه‌لمێنێ داعش له‌ دروستكردنی چه‌كدا سوودی له‌ مادده‌ی كلۆر وه‌رگرتووه‌.

ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش زۆر به‌ توندی ئیدانه‌ی به‌كارهاتنی ئه‌م چه‌كه‌ یا هه‌ر چه‌كێكی قه‌ده‌غه‌كراوی دیكه‌ ده‌كات.  راستی پشتبه‌ستنی داعش به‌ تاكتیكی وا به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ داعش له‌ پاشه‌كشه‌ دایه‌، بۆیه‌ نا ئومێدانه‌ په‌نا بۆ هه‌ر ئامرازێك ده‌بات.

هێرشه‌كه‌ی 23ی كانوونی دووه‌می رابردوو له‌ شاڕێی 47 ی نێوان مووسڵ و سوریا له‌ چوارڕیانی كه‌سكێ روویدا، له‌ كاتێكدا هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ پێگه‌ی به‌رگریدابوون له‌ پاش هێرشێكی دوو رۆژه‌ بۆ سه‌ر داعش، كه‌ له‌و هێرشه‌دا 200 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ له‌ داعش پاككرایه‌وه‌‌ و زیاتر له‌ 200 تیرۆریستیشی لێ كوژرا. هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 20 بوتڵه‌ غازی پڕكراو له‌ مادده‌ی كلۆر له‌  لۆریه‌ك باركرابوو تا له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ سوودی لی وه‌ربگرێ.

ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان گومانیان هه‌یه‌، كه‌ داعش له‌ شه‌ڕه‌كانیدا ماده‌ی كیمیاوی به‌كارده‌هێنێ، ته‌نانه‌ت له‌م شه‌ڕه‌ی دوایی، كه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری تكریت روویدا، له‌ هێرشێكی هاوشێوه‌ی تۆماركراو به‌ ڤیدیۆدا دوكه‌ڵی پرته‌قاڵی به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی به‌كارهێنانی مادده‌ی كلۆره‌. واته‌ داعش جارێكی دیكه‌ دوای له‌ ده‌ستدانی شاره‌كه‌ ئه‌م چه‌كه‌ی به‌كارهێنایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات هه‌ر كاتێك داعش تووشی شكستی گه‌وره‌ بێته‌وه‌ كلۆر وه‌ك چه‌ك به‌كارده‌هێنێ. ئه‌م دوو نموونه‌یه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن داعش له‌ژێر گوشار دایه‌ و  به‌رده‌وام خاك له‌ ده‌ست ده‌دات.

Back