راگەیاندراوێک لە ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستانەوه‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی کردەوەیەکى خۆکوژى تیرۆریستانى داعش

تیمە هاوبەشەکانى لێکۆڵینەوە و ئۆپەراسیۆنەکان، لە ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستان، توانیان کردەوەیەکى خۆکوژى تیرۆریستانى داعش پوچەڵ بکەنەوە و سێ تیرۆریست دەستگیربکەن، کە شارى هەولێر، کرابووە ئامانجى پیلانە تیرۆریستیەکەیان.

دانپێدانانى گروپە تیرۆریستیەکە، کە هاوکات لەگەڵ ئەم راگەیەندراوەدا بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هەر سێ تیرۆریستەکە دانیان بەوەداناوە کە دەوڵەتى تیرۆریستى داعش، لە رێگەى تیرۆریست (حازم محمد داود منێور الجبورى) پشتێنەیەکى بۆمبڕێژکراو و شەش بۆمبى لاستیکى لە سنورى ناوچەى (سلیمان بەگ)ەوە، بۆ کەرکوک و دواتر بۆ هەولێر گواستۆتەوە، لەهەمانکاتدا تیرۆریست (خلف اسماعیل خلف عبید الجبورى) ئامادەکراوە بە پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکە و بۆمبەکانەوە، خۆى لە شوێنى ئامانج بتەقێنێتەوە.

بەپێى پیلانى گروپە تیرۆریستیەکەى داعش، تیرۆریست (جنید خالد بلاسم غچبان) ئەرکى گواستنەوەى خۆکوژەکە (خلف اسماعیل)ى زاواى لە ئەستۆ بووە بۆ شوێنى مەبەست. بەڵام پێش ئەنجامدانى کردەوە تیرۆریستیەکە، هێزەکانمان توانیان پیلانەکە پوچەڵبکەنەوە و تیرۆریستەکان دەستگیربکەن، هەروەها دەست بەسەر پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکە و شەش بۆمبەکەدا بگرن.

ئەم تیرۆریستە دەستگیرکراوانە، پێشتر بەسوودوەرگرتن لە ئاسانکارى و هاوکارییەکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئاوارەی شارەکانى عێراق، لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێبوون.

Back