مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ نێرده‌ی قه‌داسه‌تی پاپای فاتیكان و شاندێكی یاوه‌ری كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18/8/2014 به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كاردینال فرناندۆ فیرانی نێرده‌ی قه‌داسه‌تی پاپای فاتیكان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا مه‌سرور بارزانی خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بڕی و ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانی پێشتری جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی بۆ رۆما دا و گوتی: سه‌ره‌خۆشی له‌ خۆمان و به‌ڕێزتان ده‌كه‌ین به‌هۆی ئه‌و قوربانیانه‌ی له‌ سه‌ر ده‌ستی داعش به‌هۆی په‌لاماره‌كانی ئه‌مدواییه‌ له‌ برایانی مه‌سیحی و ئێزدیان له‌ شنگال كه‌وتووه‌، به‌ڵام راستیه‌ك هه‌یه‌، ئێمه‌ هه‌موومان دژی ئه‌و ره‌وته‌ توندڕۆیه پێكه‌وه‌ بووین ‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵوێسته‌كانی قه‌داسه‌تی پاپای فاتیكان داو به‌ هاناهه‌تنه‌كه‌ی به‌رزنرخاند و رایگه‌یاند، “داوای قه‌داسه‌تی پاپا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌وه‌ لێكده‌ده‌ینه‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ بێ دۆست نین.” هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی باسی له‌ ژیان و گوزه‌رانی ئاواره‌كان كرد، رایگه‌یاند، ئه‌م بارودۆخه‌ كاتییه‌ و په‌نا به‌خوا به‌ سه‌ركه‌وتوویی لێی ده‌رباز ده‌بین و گوتی: “ملیۆنێك و 200 هه‌زار په‌نابه‌ر له‌ كوردستان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ 250 هه‌زار په‌نابه‌ری سوری و زیاتر له‌ 100 هه‌زار كه‌س له‌ خوشك و برایانی مه‌سیحی.” په‌یوه‌ست به‌ پاراستنی ئه‌و ئاوارانه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی ئاماژه‌ی به‌ وته‌یه‌كی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی دا، كه‌ “یا هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌ژین یا پێكه‌وه‌ ده‌مرین.”

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیاره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی باسی له‌ پره‌نسیپه‌كانی شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانی كرد سه‌باره‌ت به‌ لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی برایانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانی كوردستان و رایگه‌یاند” ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م پره‌نسیپانه‌ به‌رده‌وام ده‌بین، بۆ ئێمه‌ وجودی مه‌سیحی له‌ كوردستان زۆر گرنگه‌ و نامانه‌وێ له‌ وڵاتی خۆیان دوور بكه‌ونه‌وه‌. من دڵنیام ئه‌و جینۆسایده‌ی له‌ شنگال روویدا، چه‌ند ئێمه‌ی ئازار داوه‌ بۆ ئێوه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ بووه‌ و سه‌ردانی ئێوه‌ و پشتیوانی قه‌داسه‌تی پاپا پشت گه‌رمی زۆر به‌ ئێمه‌ ده‌دات.”

پاشان كاردینال فرناندۆ فیرانی له‌ وته‌یه‌كدا سوپاسی مه‌سرور بارزانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ و باسی له‌ سه‌ردانه‌كانی بۆ كه‌مپی ئاواره‌كان كرد و به‌رگری قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی به‌رز نرخاند و گوتی: سه‌ردانی پێشمه‌رگه‌م كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ سوپاسم كردن. دواتر باسی له‌ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنه‌كانی كوردستان و ئه‌و مۆزایكه‌ كرد، كه‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌ و به‌ فاكته‌ری هێز بۆ كوردستان وه‌سف كرد و گوتی: “هه‌ر به‌ردێك له‌و مۆزاییكه‌ ده‌ربێت، جوانی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات.”

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له‌ بارودۆخی گشتی ئاوه‌ره‌كانی كوردستان و ئاواره‌ی مه‌سیحیانی كوردستان كرا، كه‌ كوردستان بۆته‌ شوێنێك بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی دژی تیرۆر و ئه‌م ره‌وته‌ توندڕۆیه‌ن.

Back