مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق ده‌كات

ئه‌مڕۆ 29/5/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (د. مارك بارێتی) باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق كرد، كه‌ به‌بۆنه‌ی كۆتایهاتنی ئه‌ركه‌كه‌ی له‌ عێراق سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌‌.

له‌دیدارێكدا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی (دۆمینیك ماس) كونسوڵی گشتی فه‌ڕه‌نسا له‌هه‌ولێری پایته‌خت به‌ڕێوه‌چوو، باس له‌ په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان فه‌ڕه‌نسا و هه‌رێمی كوردستان و به‌شداریكردنی كارای فه‌ڕه‌نسا له‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ كرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسای كرد بۆ پاڵپشتیی و یارمه‌تییه‌كانی و هه‌ڵوێستی سه‌رۆك (ئیمانۆیل‌ ماكرۆنی)  سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی داعش به‌رزنرخاند و رایگه‌یاند، فه‌ڕه‌نسا به‌رده‌وام دۆستایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر گه‌لی كوردستان سه‌لماندووه‌‌ و له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا هاوكاری و پاڵپشتی كردووه‌. هه‌ر په‌یوه‌ست به‌و دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیانه‌ ئاماژه‌ی به‌ رۆڵ و پشتیوانییه‌كانی سه‌رۆك (فرانسوا هۆڵاند) سه‌رۆكی پێشووی فه‌ڕه‌نسا دا، كه‌ له‌كاتێكی سه‌ختدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و هیوای درێژه‌دان و پته‌وتركردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی خواست.

له‌ به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق  سوپاسی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاریی و پشتیوانیكردنى له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی و دووپاتی له‌ به‌رده‌وام بوون و فره‌وانتركردنی په‌یوه‌ندی مێژوویی و به‌ها هاوبه‌شه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌یی و هه‌رێمی كوردستان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بن و پاڵپشتی له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ن، كه‌ بوژانه‌وه‌ و سه‌قامگیری زياتر بۆ گه‌لی كوردستان به‌دی بهێنێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندن و مه‌ترسییه‌‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و قۆناغی دوای له‌ناوبردنی داعش و رێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه‌ و دیالۆگ بۆ پیاده‌كردنی میكانیزمێكی نوێی داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كرایه‌وه، كه‌ ده‌بێته‌ فاكته‌ری سه‌قامگیری زیاتر له‌ناوچه‌كه‌دا.

 

Back