مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ جێگری باڵیۆزی سوێد له‌ به‌غدا  

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2/4/2015 به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ خاتوو جێسیكا سڤاردسترۆم جێگری باڵیۆزی سوێد له‌ به‌غدا و به‌رپرسی نووسینگه‌ی كاروباری سوێد له‌ هه‌ولێر كرد.

له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه ‌و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش كرا و ئاماژه‌ به‌وه‌درا،  كه‌ هێزی ‌داعش له‌چاو پێشوو لاوازبووه و ئێستا ئه‌وان زیاتر به‌رگری ده‌كه‌ن له‌وه‌ی بیانه‌وێ ناوچه‌ی دیكه‌ داگیر بكه‌ن.

هه‌ر په‌یوه‌ند به‌و ته‌وه‌ره‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ ده‌بێت ئاماده‌كاری بۆ قۆناغی دوای داعش بكرێت و خه‌ڵكی خۆجێی ئه‌و ناوچانه‌ی رزگار ده‌كرێن له‌ به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی ناوچه‌كانیان به‌شدار بن. هه‌روه‌ها به‌ڕێزیان جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی رابردوو سه‌لماندیان ئه‌و سیسته‌م و رێكاره‌ی ئێستا عێراقی پێ به‌ڕێوه‌ده‌برێت كارا نییه‌ و نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ دێرینه‌كان بكات، بۆیه‌ تێكڕای سیسته‌مه‌كه‌ پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌بێت گشت پێكهاته‌كان هه‌ست به‌ هاوسه‌نگی و به‌شداری راسته‌قینه‌ له‌ وڵاتدا بكه‌ن.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و كێشه‌ هه‌لپه‌سێردراوه‌كان كرا و له‌وباره‌وه‌ راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بڕینی قوتی خه‌ڵك و تێكه‌ڵاوكردنی به‌ سیاسه‌ت ناڕه‌وایه‌، نابێ له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركدا به‌ عێراقی دابندرێین و له‌ مافیشدا بێبه‌ش بكرێین.

له‌لای خۆیه‌وه‌ خاتوو جێسیكا سڤاردسترۆم دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ هاوكارییه‌ مرۆییه‌كانی سوێد له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ ئاواره‌كانی نێشه‌جێی هه‌رێمی كوردستان  به‌رده‌وام ده‌بێت و گوتی: شه‌ڕی دژی داعش بۆ ئێمه‌ له‌ ئه‌وڕووپا نیگه‌رانی سه‌ره‌كییه‌.

Back