مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق ده‌كات

ئه‌مڕۆ 5/6/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (تیم ستاپلتۆن) جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق كرد.

له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی پێشكه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌كانی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و ره‌وشی سیاسی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی  و په‌یوه‌ندی دووقۆڵی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئوسترالیا كرا. هه‌روه‌ها باس له‌ به‌شداری ئوسترالیا له‌و شه‌ڕه‌ جیهانییه‌ی دژ به‌ داعش و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی زیاتری یارمه‌تیدان و پشتیوانیكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرا و مه‌سرور بارزانی سوپاسی گه‌ل و حكوومه‌تی ئوسترالیای كرد له‌ یارمه‌تیدانی هه‌رێمی كوردستاندا.

جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق په‌یوه‌ست به‌ رۆڵ و قوربانییه‌كانی  پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش پێزانینی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ نیشاندا و رایگه‌یاند، ئازایه‌تی پێشمه‌رگه له‌ جیهان ده‌نگیداوه‌ته‌وه و ناكرێ له‌ شكاندنی داعشدا باس له‌ رۆڵی‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌كرێ‌.‌

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ی نێوان راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و جێگری باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و عێراق به‌تایبه‌تی به‌شێوه‌یه‌ك بێت ‌ مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ بێنێته‌دی تا متمانه‌ و ئاشته‌وایی جێگیر بێت و بۆشاییه‌ك بۆ سه‌رهه‌ڵدانی بیری توندڕۆیی و توندوتیژی نه‌مێنێته‌وه‌ و ناوچه‌كه‌ش سه‌قامگیر بێت.

 

Back