مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان ده‌كات

ئه‌مڕۆ 1/6/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ (محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود) سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان كرد.

له‌ دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و ره‌وشی ناوخۆی كوردستان و ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كانی دوای كۆتایهاتنی شه‌ڕی داعش كرا.  له‌ ئاماژه‌یه‌كدا بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان باس له‌وه‌كرا، كه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌و پرسه‌ پاشگه‌زنابێته‌وه‌، چونكه‌ سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی تاكه‌ گه‌ره‌نتی رزگاربوونی یه‌كجاری خه‌ڵكی كوردستان و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و سته‌م و كاره‌ساته‌یه‌، كه‌ به‌سه‌ر كورد هێنراون.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ بایه‌خی كۆده‌نگی و یه‌كڕیزی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و به‌شداریكردنی هه‌مووان له‌ پرسه‌ نیشتمانی و چاره‌نووسسازه‌كان كرده‌وه‌ به‌ ئامانجی به‌دیهاتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و دابینكردنی ئاینده‌یه‌كی گه‌شتر بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو.

باسكردن له‌ رێكخستنه‌وه‌ی زیاتری هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌ و به‌هێزكردنی ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

Back