مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سه‌رپه‌رشتیاری گشتی ده‌زگای شا سه‌لمانی سعوودیا ده‌كات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ سه‌رپه‌رشتیاری گشتی ده‌زگای شا سه‌لمانی سعوودیا ده‌كات
ئه‌مڕۆ 7/3/20177 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی پێشوازیكردنی له‌ (د. عه‌بدوڵا بن عه‌بدولعه‌زیز بن محمه‌د ئه‌لره‌بیعه)‌ سه‌رپه‌رشتیاری گشتی ده‌زگای شا سه‌لمان بۆ هاوكاری مرۆیی و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان زۆر باش له‌ مه‌ینه‌تی ئه‌و په‌نابه‌ر و لێقه‌وماوانه‌‌ ده‌گات، كه‌ له‌به‌ر شه‌ڕو توندوتیژه‌كانه‌وه‌ هانایان بۆی هێناوه.
له‌ دیدارێكدا میكانیزمی دابینكردنی هاوكاری و یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان بۆ ئاواره‌كان و فره‌وانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و شانشینی عه‌ره‌بی سعوودیا له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا تاوتوكرا. له‌وباره‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیاری گشتی ده‌زگای شا سه‌لمانی سعوودیا سوپاسی خه‌ڵك و داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ میوانداریكردن و یارمه‌تیدانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره ‌و لێقه‌وماوانی شه‌ڕ و توندوتیژییه‌كان و ئاماده‌یی سعوودیای بۆ دابینكردنی یارمه‌تی مرۆیی به‌تایبه‌تی له‌ڕووی دابینكردنی خۆراك و پێداویستی ته‌ندروستی ده‌ربڕی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ چاویان له فره‌وانكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا. له‌لای خۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی وێڕای سوپاسكردنی شانشینی عه‌ره‌بی سعوودیا بۆ هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ دابینكردنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان، باسی له‌ فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی گه‌لی كوردستان له‌ قۆناغه‌كان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ گه‌لی كوردستان به‌وپێیه‌ی خۆی مه‌ینه‌تی و ئاواره‌یی زۆری بینیووه‌، بۆیه‌ زۆر باش له‌ مه‌ینه‌تی ئاواره ‌و لێقه‌وماوان ده‌گات، كه‌ له‌به‌ر شه‌ڕو توندوتیژه‌كانه‌وه‌ هانایان بۆی هێناوه‌ و رایگه‌یاند، له‌م بواره‌ نه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ له‌لایه‌ن عێراق وه‌كو پێویست هاوكاری هه‌رێمی كوردستان نه‌كراوه‌ و عێراق‌ نه‌ك هه‌ر ئه‌ركی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو وه‌كو پێویست هاوكاریشی نه‌كردووه‌.

Back