مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ده‌كات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 17/8/2014 به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی رۆری ستیوارت ئه‌ندامی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا و سه‌رۆكی كۆمیته‌ی به‌رگری كرد.

وه‌ك به‌شێك له‌ هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كان بۆ دڵنیابوون له‌ پێداویستیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی‌، كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌وه‌ ده‌كرێن. مه‌سرور بارزانی دووپاتی له‌ پێویستی زۆری یارمه‌تی و هاوكاری دۆستان و هاوپه‌یمانان به‌ به‌ریتانیاوه‌ش كرده‌وه‌.

هه‌ر په‌یوه‌ست به‌م پرسه‌‌، مه‌سرور بارزانی وه‌ك كارێكی جینۆساید باسی له‌ كۆمه‌ڵكوژی ئێزدییه‌كان له‌ شنگال و شارۆچكه‌ و گونده‌كان كرد و تیشكی خسته‌ سه‌ر قوربانییه‌كانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ دوو مانگی رابردوودا، له‌وكاته‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی مووسڵی داگیر كرد و ده‌ستی به‌سه‌ر چه‌كی پێشكه‌وتوودا گرت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ به‌رده‌وامی پشتیوانییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان دا و دووپاتی له‌ پێویستی هاریكاری زیاتر بۆ راماڵینی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایش بۆ ناوچه‌كان كرده‌وه‌. جێی باسه‌ نه‌دیم زه‌هاوی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ئه‌ندامی شانده‌كه‌ بوو.

 

Back