مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ده‌وڵه‌تی كوێت لە عێراق و شاندی یاوه‌ری دەكات

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ده‌وڵه‌تی كوێت لە عێراق و شاندی یاوه‌ری دەكات

ئه‌مڕۆ6/10/2016(مه‌سرور بارزانی)راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (سالم غەساب محه‌مه‌د ئەلزمانان) باڵیۆزی نوێی ده‌وڵه‌تی كوێت لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا گفتوگۆ له‌باره‌ی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و ئه‌و پێشهات و ئه‌گه‌رانه‌ كرا، كه‌ مه‌زه‌نده‌ی روودانیان ده‌كرێ‌. بالیۆزی نوێی ده‌وڵه‌تی كوێت ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی تیرۆریستان و پاراستنی گشت پێكهاته‌كان بێ جیاوازیدا و رایگه‌یاند، كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ ویست و داخوازی گه‌لی كوردستانن و پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیارێتی زیاتر هه‌ڵگرێ.


له‌به‌رانبه‌ردا مه‌سرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌ به‌شداری پێشمه‌رگه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و پێویستی پرۆژه‌ و چاره‌سه‌ری نوێ بۆ كێشه‌ راسته‌قینه‌كانی عێراق كرد و رایگه‌یاند، پێویسته‌ بونیادی سیاسی عێراق به‌ شێوه‌یه‌ك دابڕێژدرێته‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ فره‌ كولتووری و پێكهاته‌ی ئه‌تنی و مه‌زهه‌بی عێراق بگونجێ بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی و دراوسێكانیدا له‌ ئاشتیدا بژێت.


هه‌ر له‌و دیداره‌دا تیشكخرایه‌ سه‌ر پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوولا و جه‌خت له‌ په‌ره‌پێدان و فره‌وانكردنیان له‌ گشت بواره‌كان كرایه‌وه‌، كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا دا بێت.

Back