مه‌سروور بارزانى دواڕۆژى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا تاوتوێ ده‌كات

مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و زانینی دید و بۆچوونی بەرپرسانی باڵای ئێستا و داهاتووی ئیدارەی ئەمریکا و تیمی دۆناڵد ترەمپى سه‌رۆكى نوێى ئه‌مريكا سەردانی واشنتۆنی کرد.

مەسرور بارزانی، لەیەکەم وێستەگەشیدا ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ لە ناوەندی گەشەپێدانی ئەمریکا بە ئامانجی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد لە ناوچەکەدا بیروبۆچوونەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەم ناوەندە تاووتوێکرد.

مه‌سروور بارزانى، له‌ لێدوانێكى تايبه‌تدا بۆ كوردستان 24 رايگه‌ياند، ئامانجمان له‌ سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ واشنتن بۆ ئه‌وه‌يه‌ سووپاسى ئيداره‌ى ئێستاى ئه‌مريكا بكه‌ين بۆ ئه‌و هاوكارييانه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان و پێشمه‌رگه‌ ناردوويه‌تى و هه‌روه‌ها له‌ ئيداره‌ى نوێش زياتر تێبگه‌ين. بێگومان بيروبۆچوونى خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان تاوتوێده‌كه‌ين، به‌ڵام هێشتا ده‌ستبه‌كار نه‌بوون، بۆيه‌ ره‌نگه‌ نه‌توانن به‌ شێوه‌يه‌كى فه‌رمى سياسه‌تى خۆيان ئاشكرا بكه‌ن.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، دانیێڵ بنیامین، لێكۆڵەر لە ناوەندەی گەشەپێدانی ئەمریكا گوتى: “بەڕێز راوێژكاری ئەنجومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان لێرە بیروبۆچوونەكانی له‌گەڵ ئێمە ئاڵوگۆڕ كرد، من خۆم لە سەر مێژووی كورد لە عێراق و كوردستان و ئاستەنگەكان و كۆمەڵكوژی ئەنفال خوێندوومەته‌وه‌، كه‌ ئەو نەھامەتیانە ترسی لای كورد لەسەر مانەوە لە عێراق دروست كردووە. لێرە تاوتوێی دۆزینەوەی رێگەیەكیش لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی كرا بە ئامانجی دەستەبەركردنی ئاساییش و فەراھەمكردنی مافەكانی كورد.

لەم سەردانەدا، فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستانیش یاوەری مەسرور بارزانی کردووەو بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی دید و تێڕوانینی ئەمریکاییەکان بۆ ئایندەی کوردستان کۆببێتەوە. هەروەها نیازی وایە بە ئامانجی دیالۆگی زیاتر و بیروبۆچوون و لێکتێگەیشتنی زیاتر لەسەر هەرێمی کوردستان لە چەندین سیمینار و کۆبوونەوەی ناوەندەکانی تینک تانکی ئەمریکا بەشداری بکات.

Back