مەسرور بارزانی و سێرگی لاڤرۆڤ کۆبوونەوە


ئەمڕۆ هەینی ١٥-٢-٢٠١٩ لە چوارچێوەی کۆنگرەی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبۆووە.
لە دیدارەکەدا پەیوەندی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی روسیا و هەرێمی کوردستان و رەوشی ناوچەکە بە تایبەتی لە سوریا تاوتوێکرا. لەوبارەوە مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆی بەرامبەر ئایندەی گەلی کورد لە سوریا نیشاندا، وێڕای جەختکردنەوە لە بایەخ و گرینگی چارەسەری سیاسی بۆ دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لە وڵاتە، هانی روسیای دا لە چوارچێوەی گفتوگۆ گشتیەکاندا هاوکار و یارمەتیدەر بێت لە بەرەپێشبردنی ئەو ئامانجەدا.
میکانیزمی پەرەپێدانی پەیوەندی بەهێزی ئابوری روسیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێوەیەکی گشتی تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
جێی باسە مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان و بڕیارسازانی ئەمنی نێودەوڵەتی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بەسەرۆکایەتی شاندێک کە لە سەفین دزەیی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دڵشاد بارزانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەڵمانیا پێکهاتووە لە ئەڵمانیایە.. 

Back