مه‌سرور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا ده‌كات

‎ئه‌مڕۆ 23/9/2017 (مه‌سرور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی پێشوازی كردنی له‌ (برونو ئوبێرت) باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری رایگه‌یاند، ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌‌ڕووی كاته‌وه‌ گونجاوه‌ و هیچ لێكه‌وته‌یێكی نه‌خوازراوی نابێت.

‎له‌دیدارێكدا دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا و پرۆسه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.

‎باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا رۆڵی هه‌رێمی كوردستانی له‌ شه‌ڕی تیرۆریستی داعش و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌ و لێقه‌وماوان به‌رزنرخاند و رایگه‌یاند، حكوومه‌ت و گه‌لی فه‌ڕه‌نسا رێز له‌ قوربانییه‌كان و ویستی گه‌لی كوردستان ده‌گرێت و هیچ كاتێك دژی هه‌نگاوی دیموكراسی ناوه‌ستێته‌وه‌، به‌ڵكو ته‌نها تێبینی له‌سه‌ر كاتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌كه‌ هه‌یه‌.

‎له‌لای خۆیه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی، وێڕای سوپاسكردنی گه‌ل و حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا بۆ پشتیوانیكردن له‌ گه‌لی كوردستان له‌ كاته‌ پێویست و سه‌خته‌كاندا، باسی له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كرد و رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان گشت شێوازه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا تاقیكردۆته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، ئێستاش ده‌خوازێ به‌ رێگه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ و دیموكراسیانه‌ پیاده‌ی مافی سرووشتی خۆی بكات، كه‌ له‌گه‌ڵ په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا دژ نییه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌م ریفراندۆمه‌ له‌‌ڕووی كاته‌وه‌ گونجاوه‌ و دڵنیایش به‌هه‌موو لایه‌ك دراوه‌. هه‌روه‌ها دووپاتی له‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام هیچ كاتێك ده‌رگای گفتوگۆ داناخات و دوای ریفراندۆم له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوانمان ده‌كات و هیواشی خواست وه‌ك دۆستێكی مێژوویی گه‌لی كوردستان فه‌ڕه‌نسا هێزی دیپلۆماسیه‌تی خۆی به‌كاربهێنێ بۆ پشتیوانیكردن له‌ خواستی گه‌لی كوردستان.

‎له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا دووپات له‌ درێژه‌دان و په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ گشت بواره‌كان كرایه‌وه‌.

Back